ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هاوکاری ئیدارەی چاودێری شوێنەکان، سەبارەت بە لەبەرکردنی "جلوبەرگی خاکی و لەسەرکردنی جامانە" هەڕەشە لە خاوەن و بەڕێوەبەری تەلار و هۆڵە تایبەتەکانی شارەکانی کوردستان دەکات.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە" لەم دواییانەدا ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە گوشارخستنەسەر ئیدارەی چاودێریکردنی شوێنەکان و هەروەها بەڕێوەبەرانی هۆڵی تایبەتی ڕێوڕەسمەکان لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، هەوڵیانداوە رێگری لە پۆشینى جامانە و جلى خاکى بکەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی مانگی ڕابردوودا هۆڵێک بۆ ماوەی سێ هەفتە و هۆڵێکی دیکە بۆ ماوەی دوو هەفتە داخراوە و بەڕیوەبەرەکانیان هەڕەشەیان لێکراوە کە لە ئەگەری بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان بەو دوو هێمایەوە، هۆڵەکانیان بۆ ماوەیەکی زۆر دادەخرێن.
هەنگاو ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای مانگی یەکی ئەمساڵەوە، لانیکەم ٥٨ هاوڵاتی کورد لە شارەکانی مەهاباد، بۆکان و پیرانشار بە تۆمەتی پۆشینی جلی خاکی و بەکارهێنانی جامانە بانگهێشتی ناوەندە ئەمنییەکان کراون.