پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت" تا ئێستا میکانیزمی دابەشکردنی مووچە یەکلایینەکراوەتەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن".
هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە میانی مەراسیمی کردنەوەی ناوەندێکی دارایی و بازرگانی نێودەڵەتی لە شاری سلێمانی ڕایگەیاند" ئەم ناوەندە ژینگەیەکی گونجاو بۆ بانکەکان و بازاڕە داراییەکان و کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان دەڕەخسێنێت بۆ ئەوەی بەپێی ئەو چوارچێوە یاساییانە کاربکەن کە لە عێراق و ناوچەکە پەسەندکراون".
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو بانکەکان و بازاڕەکانی بۆرسە و دامەزراوە دارایی و بازرگانییەکان دەتوانن لە چوارچێوەی ئەم سەنتەرەدا لق دابمەزرێنن، بەپێی ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتە تایبەتمەندەکان لە حکومەتی فیدراڵی و هەرێم دەرچووە.
پارێزگاری سلێمانی ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا میکانیزمی دابەشکردنی مووچە یەکلایی نەکراوەتەوە، گفتوگۆکان بەردەوامن لەسەر ئەوەی ئایا مووچە لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە وەک ساڵانی ڕابردوو دابەشدەکرێت، یان ڕاستەوخۆ لە بەغداوە دەگوازرێتەوە.
سەبارەت بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی تیک تۆکچییەکان، هەڤاڵ ئەبوبەکر وتی" داواکاری گشتی و هێزە ئەمنییەکان بڕیارێکی ڕاستیاندا و پشتگیرییان دەکەین".