هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕایدەگەیەنێت" دوێنێ دەوڵەتی توركیا و گروپە چەکدارەکانی بەچڕی دەوروبەری بەنداوی تیشرین، قەرقوزاق، دێرحەفیر و گوندەكانی ناوچەكەیان بۆردوومانكرد". دەشڵێت" هێزەكانیان دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان خستووەتە خوارەوە".
ئەمڕۆ پێنج شەممە هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە" دوێنێ هێزەكانمان لە دەوروبەری بەنداوی تشرین و دێر حەفەر دوو فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دەوڵەتی توركیان خستەخوارەوە كە هەوڵی ئەنجامدانی هێرشیانداوە بۆ سەر ناوچەكە".
ئاماژە بەوەشكراوە، دوێنێ دەوڵەتی توركیا و گروپە چەکدارەکانی بە هەڕەمەكی هێرشیان بۆ سەر ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدا، هەروەها فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا زنجیرەیەك هێرشیانكردە سەر دەوروبەری بەنداوی تیشرین و خانووی كرێكارانی سەر بە بەنداوەكەیان كردە ئامانج، هاوكات توركیا تۆپبارانی قورسی گوندەكانی دەوروبەری بەنداوی تشرینی كرد، لە ئەنجامدا زیانی ماددی لێكەوتەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە بەرەی پردی قەرەقۆزاق، فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەند هێرشێكیان بۆ سەر گوندەكانی (تینە، شاسەك)، هەروەها گردی سەیفی ئەنجامدا كە بەهۆیەوە زیانی ماددی بە ماڵ و موڵكی هاوڵاتییان گەیشت.
هەسەدە ڕاشیگەیاندووە" گروپە چەکدارەکان و دەوڵەتی توركیا گوندەكانی تینح، جەعدە، بیرحەسو، دێكان و سەنا و گردەكانی سەیفی و قەرە قۆزاقیان بە تۆپی قورس و تانك و موشەك هەڵگر و گولـلە هاوەن بە زیاتر لە ٤٠ گولـلە بۆردومانكرد، بەهۆیەوە زیانێكی بەرچاویان بە ماڵ و موڵك و هاوڵاتییانی مەدەنی گەیاند".