دارایی عێراق داوای لیستی مووچە و داهاتی نانەوتی هەرێم دەکات

وەزارەتی دارایی عێراق لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆران، داوای داهاتی نەوت و نانەوتی و ژمارەی بانکی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان دەکات.

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە واژووی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە، تێیدا هاتووە" دوای ڕادەستکردنی لیستی مووچەی مانگی شوبات و مانگەکانی دیکە، پێویستە حكومەتی هەرێم ژمارەی بانکی فەرمانبەران بۆ توتين بەپێی ئەو ڕێنماییانەی کە دادگای فیدراڵی دیاریکردووە ڕەوانە بکات". 

لە نوسراوەکە هاتووە" دەبێت سەرجەم داهاتی ناوخۆ بخرێتە سەر هەژماری بانکەکانی عێراق، نەک تەنیا ئەو ٥١ ملیار دینارەی کە بۆ مانگی (١)ی ئەمساڵ هەرێم وەک داهاتی ناوخۆ گەڕاندیەوە بۆ دارایی عێراق". 

لە کۆتایی بڕیارەکەدا دارایی عێراق داوای داهاتی نەوت دەکات بخرێتە سەر ئەو هەژمارەی وەزارەتی دارایی عێراق لە بانکی ناوەندی بە ژمارە (٣٠٠٩٠٠) کردویەتیەوە.



PM:03:41:20/02/2025