ئەو جوتیارە کوردەی بە ملپێچەکەی لەلایەن سەربازێکی سوپای عێراقەوە ئازار درا ڕایدەگەیەنێت" سکاڵایەکی لە دەسەڵاتی دادوەری عێراق تۆمارکردووە لەسەر ئەو کارمەندانەی سوپا کە چەند ڕۆژێک پێش ئێستا هێرشەکەیان ئەنجامداوە".
محەمەد ئەمین، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئامانجم لە تۆمارکردنی سکاڵاکە سزادانی ئەو سەربازانە نییە، بەڵکو ڕێگریکردنە لەو عەقڵیەتە کە بەمشێوەیە هێرشدەکەنە سەر هاوڵاتییانی مەدەنی بێ چەک لەنێویاندا کورد".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هێزانە لەبری ئەوەی پارێزگاری لە ناوچەکە بکەن لە چەکدارانی داعش، هێرشدەکەنە سەر جوتیاران.
جەختیشی لەوە کردەوە کە" نایەوێت ئەم سکاڵایە سزای سەربازەکان بدات، بەڵکو زیاتر بۆ دادگاییکردنی ئەو عەقڵیەتەی کە بەمشێوەیە هەڵسوکەوت دەکات، و دادگاییکردنی ئەو کەسانەی کە فەرمانی هێرشکردنە سەر ئەو سەربازانەیان دەرکردووە".
ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە لە کاتی کێڵانی زەوییەکانیان، جوتیارانی سەرگەڕان لەلایەن سوپای عێراقەوە ئاستەنگیان بۆ دروستکرا و بەهۆیەوە گرژی ئاڵۆزی لە نێوان هەردوولا دروستبوو.
ئەم ڕووداوەش ئیدانەکردنی بەرفراوانی لایەنە فەرمی و سیاسییەکانی لێکەوتەوە، ئەمەش وایکرد فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و یاریدەدەری وەزیری داد ڕەوانەی کەرکوک بکات بۆ بەدواداچوون لە بارودۆخی ڕووداوەکە.