پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراق دەڵێت" لە پەیوەندیداین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری گرفتی بەشێک لە بانکەکان لە هەرێمی کوردستان."
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٠ی ، عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، لەمیانی کردنەوەی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی لەسلێمانی ڕایگەیاند"كردنەوەی ئەم ناوەندە بۆ سلێمانی گرنگە، ئەم ناوەندە بێجگە لە ڕەخساندنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان ، هاوكات دەبێتە شوێنی كۆكردنەوەی بازرگانەكان و بانکەکان، و بانکی ناوەندی عێراق سەرپەرشتی ئەم ناوەندە دەکات".
عەلی عەلاق ئاماژەی بەوەشدا، لە پەیوەندیداین لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری گرفتی بەشێک لە بانکەکان لە هەرێمی کوردستان.
ئەوەش لە کاتێکدایە باس لەوە دەکرێت کە لە هەمان بینای ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی لقی بانکەکانی، ڕەشید و ڕافیدەین دەکرێتەوە، بەڵام بە پێی زانیارییەکان تا ئێستا ئیجرائاتی کردنەوەیان کۆتایی نەهاتووە و رەنگە لە داهاتوو لەم سەنتەرە بکرێنەوە، ئەمڕۆ تەنها نوسینگەی ئەو بانکانە دەکرێنەوە وهەروەها هەر ئەمڕۆ لقی سلێمانی بانکی ناوەندی عێراق دەکرێتەوە کە پەیوەست دەبێت بە بانکی ناوەندی لقی هەولێر.