ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: مووچەخۆرانی هەرێم وەكو عێراق دەبێت مووچەكەیان تەوتین بكرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق زانیاری لەسەر تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرادەکات و دەڵێت" مووچەخۆرانی هەرێم وەكو عێراق دەبێت مووچەكەیان تەوتین بكرێت" لەبارەی کردنەوەی لقی بانکە حکومییەکانیش وتی" لقی بانكەحکومییەکان و بانکەکان لەم ناوەندە ئاسانكارییە بۆ مووچەخۆران كە بتوانن مووچەكەیان لە رێگای بانكەوە وەربگرن".

د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی شوبات لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی لەسلێمانی ڕایگەیاند"بە دڵنیاییەوە كردنەوەی ناوەندی دارایی و بازرگانی لە سلێمانی هەنگاوێكی گرنگە بۆ برەودان بە مامەڵە بازرگانییەكان و كاریگەریی گەورەی لەسەر جووڵەی بازرگانی دەبێت".

ئاماژەی بەوەشدا، بابەتی تەوتینی مووچە پەیوەندی بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراقەوە هەیە و دەبێت هەموو مووچەخۆرانی هەرێم وەكو عێراق مووچەكەیان تەوتین بكرێت.

سەبارەت بەبوونی لقی بانکە حکومەییەکان و کاریگەرییان لەسەر تەوتینی مووچە، د.نەرمین مەعروف وتی، كردنەوە و بوونی لقی بانكەحکومییەکان و بانکەکان لەم ناوەندە ئاسانكارییە بۆ مووچەخۆران كە بتوانن مووچەكەیان لە رێگای بانكەوە وەربگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ ڕێوڕەسمی کردنەوەی ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانی لە سلێمانی بە ئامادەبونی سەرۆکی بانکی ناوەندی عێراق بەڕێوەچوو.




PM:07:43:20/02/2025