وەزیری دادی تورکیا: عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆی نییە پەیامی ڤیدیۆیی بڵاوبکاتەوە

وەزیری دادی تورکیا ڕایدەگەیەنێت" شاندی دەم پارتی تاوەکو ئێستا داواکاریی فەرمییان پێشکێش نەکردووە بۆ دیداری سێیەم لەگەڵ ئۆجەلان"، وتیشی" بەپێی یاسا، سزادراو بۆی نییە پەیامی ڤیدیۆیی بۆ رای گشتیی بڵاوبکاتەوە". 
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٠ی شوبات، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانان سەبارەت بە کاتی سەردانی سێیەمی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی و پەیامە چاوەڕوانکراوەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری ٢٥ ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە دایەوە. 
 
یڵماز تونچ رایگەیاند"ئەو دەستپێشخەرییەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتیی لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤دا ئەنجامیدا کە بووە هۆی ئەوەی شاندی دەم پارتی دووجار سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکات، ئەگەری سەردانی سێیەمیش لە ئارادایە". 
 
یڵماز تونچ راشیگەیاند" تاوەکو ئێستا شاندی دەم پارتی داواکاری فەرمییان پێشکێش نەکردووین. ئەگەر پێشکێشی بکەن، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکەین و بە دڵنیاییەوە بۆ بەرژەوەندیی گشتیی وەڵامی ئەرێنیشمان دەبێت".
 
سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند" پێویستە هەمووان ئەوە بزانن، جۆرێک لە هەڵە تێگەیشتن هەبووە لەبارەی پەیامەکە، پێویستە ئەم بابەتە یەکلایی بکرێتەوە. بەپێی یاسا، بەهیچ شێوەیەک سزادراو بۆی نییە پەیامی ڤیدیۆیی بۆ رای گشتیی بڵاوبکاتەوە. یاسا رێگە بەم جۆرە کارە نادات".

ئەوەش لە کاتێکدایە شاندێکی دەم پارتی تا ئێستا دوو جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کردوە لە زیندانی ئیمرالی و دانوستانەکان و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا بەردەوامە بۆ ئەو مەبەستەش ڕۆژانی رابردوو شاندێکی باکووری کوردستان کە لە کەسایەتیەکان و ژمارەیەک پەرلەمانتاری تورکیا پێکهاتبوون سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکومی و حیزبی هەرێم کۆبوونەوە.




PM:09:30:20/02/2025