خوێندنی باڵا: ناوی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان بۆ دامەزراندن ڕەوانەی وەزارەتی تەندروستیی عێراق کرا

وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ناوی زیاتر لە دوو هەزار دەرچووی بەشە پزیشکییەکانی بەمەبەستی دامەزراندنیان ئاراستەی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێراق کرد.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٠ی شوبات، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ناوی دوو هەزار و ٢٦٩  دەرچووی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ کە دانیشتووی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن بەمەبەستی دامەزراندن لەسەر میلاکی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراقی، ئاراستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا دەکات."
 
عەباس ئەکرەم، وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا بە میدیاکانی ڕاگەیاند "ناردنی ئەو ناوانە لەسەر داوای وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی عێراق بووە و هەموو دەرچووەکان ناویان نێردراوە."
 
وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت: "لەگەڵ نوسراوەکەدا چەندین بەڵگەنامەی فەرمی کە ناوی دەرچووانی بەشە پزیشکی و تەندروستییەکان و بڕیاری زانکۆیی دەرچووان لەخۆدەگرێت. لە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لە بەغدا ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی عێراقی فیدرال دەکرێت بە مەبەستی دامەزراندنیان."





PM:10:30:20/02/2025