وتەبێژی یەکگرتوو: ڕێکاری یاسایی لە دژی محەمەد حاجی مەحمود دەگرینەبەر

وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئاشکرایکرد حزبەکەی سکاڵا لەسەر محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆكی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان تۆماردەکات، بەهۆی ئەوەی وتبووی "حزبە ئیسلامییەكان مانگانە ١٥٠ هەزار دۆلار لە حكومەت وەردەگرن".

سەڵاحەدین بابەکر، وتەبێژی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان  ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند"بەداخەوە کاکە حەمە تۆمەتێکی خستوەتە پاڵمان، تۆمەت بەخشینەوە و ناوزراندن پیشەی کەسانی شکستخواردووە و زۆریشمان بیستووە و بە شیاوی وەڵاممان نەزانیوە، بەڵام پێمان ناخۆشە ئەو بەرێزە بچێتە ئەو ئاستە".

سەڵاحەدین بابەکر ڕاشیگەیاند" لە وەڵامی لێدوانەکەی محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردساتندا مافی خۆمانە رەدی بدەینەوە و رێکاری یاساییش بگرینە بەر بۆ گێرانەوەی مافی خۆمان".

وتیشی"حەقوایە لایەنی پەیوەندیداریش کەحکومەتە هەڵوێستی خۆی روونبکاتەوە و راستییەکە دەر بخات".

کاردانەوەی یەکگرتووی ئیسلامی دوای ئەوە هات کە محەمەد حاجی مەحمود ڕایگەیاند"حزبە ئیسلامییەکان پارە لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن".





PM:10:37:20/02/2025