مازن سیروان بارزانی دەڵێت، ''دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ملیارێک و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزی بەسەردا سەپاندووین''، دڵنیاییش دەداتە بەشداربووان لە هەرێمی کوردستان، کە خزمەتگوزارییەکانی کۆڕەک بەبێ گرفت بەردەوام دەبن.
مازن سیروان بارزانی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی شوبات لە چاوپێکەوتنێکیدا رایگەیاند"هەموو ساڵێك باجمان داوە تەنیا لە دوو ساڵی رابردوو نەبێت، هەموو بانكێكیان داخستووە بەسەر كۆڕەكدا ئیتر كۆڕەك چۆن پارە بدات".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئێمە رازی بووین پارەكە بدەین بەڵام بەو مەرجەی بۆ چەند ساڵێك دوابخرێت. بەڵام كێشەكە زۆر روونە كە كێشەیەكی سیاسیە تەنیا دژی كۆڕەك نییە، دژی كوردە؛ دژی ئەوەیە كە كۆمپانیایەكی كوردییە".
كۆمپانیای كۆڕەك تیلیكۆم حەوت ملیۆن بەشدار بووی هەیە لە سەرانسەری عێراق، ناوبراو دەڵێت "هەر بۆیە زیانێكی زۆرمان كردووە، زیانێكی زۆریان لە سومعەی كۆڕەك داوە، بەڵام كۆڵنادەین و بەردەوام دەبین."
دووپاتیشیکردەوە "کێشەی کۆڕەک لەگەڵ قەزیەی کوردە، تا قەزیەی کورد چارەسەر نەکرێ، کێشەی کۆڕەکیش چارەسەر نابێت، ئێمە كۆڵنادەین وەك چۆن كورد كۆڵی نەداوە."
مازن سیروان بارزانی دەشڵێت"ئەوەندەمان كۆبوونەوە كردووە و قسەمان كردووە هەر گێژ بووین، بەڕاستی ئیستفزازی كۆڕەك تیلیكۆم دەكرێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە چوارشەممە ١٩ی شوبات دەستەی پەیوەندییەکانی عێڕاق ڕایگەیاند" خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی له هێڵی کۆڕەک تیلیكۆم بە تەواوی ڕاگیراوە".