ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق زانیاری نوێ لەبارەی مووچە ئاشکرا دەکات

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق دەڵێت"لیستی مووچەی مانگی دوو هیچ کێشەیەکی نەماوە و دەبوو ئەمڕۆ بنێردرایە بۆ بەغدا، بەڵام حکومەتی هەرێم نەیناردووە".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠ی شوبات دارا سێكانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە میدیاکانی رایگەیاند"لیستی مووچەی مانگی دووی مووچەخۆرانی هەرێم كێشەی نەماوە و ئەو گرفتانەی پێشتر هەبوون كاریان لەسەر كراوە".

باسی لەوەش کردووە، حکومەتی هەرێم تا ئێستا لیستی مووچەی ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق نەکردوە.

دەشڵێت"بەغداد مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردووی ناردووە و حكومەتی هەرێم دەبێت لەبیری ئەوەدابێت ئەو مووچەیە بداتەوە بە فەرمانبەران، بۆیە پێویستە هاوڵاتییان داوای مووچەی ئەو مانگە بكەن و لەبیری نەكەن".

ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمڕۆ نوسراوێکی وەزارەتی دارایی عێراق کە واژووی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە بڵاوکرایەوە کە تێیدا هاتووە، پێویستە وەزارەتی دارایی هەرێم  لەگەڵ لیستی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆران،  داهاتی نەوتی و نانەوتی و ژمارەی بانکی فەرمانبەران ڕەوانە بکات.




AM:12:03:21/02/2025