نەتەوەیەکگرتوەکان ڕایگەیاند" ئابوری سوریا بۆ گەڕانەوە ئاستی پێش ساڵی ٢٠١٠، پێویستی بە ٥٥ ساڵە، دەشڵێت" بوژاندنەوەی سوریا پێویستی بە وەبەرهێنانێكی درێژخایەن هەیە".
ئاخیم شتاینەر، سەرۆکی بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوەیەکگرتوەکان لە ڕاپۆرتێكدا بڵاویکردەوە، بوژاندنەوەی سوریا پێویستی بە وەبەرهێنانێكی درێژخایەن هەیە لە بوارەکانی گەشەپێدان بەمەبەستی بونیادنانی سەقامگیری ئابوری و کۆمەڵایەتی.
شتاینەر ئاماژەی بەوەشکردوە، دەبێت پەلە بکرێت لە بوژاندنەوەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و ڕەخساندنی هەلی کار و کەرتی کشتوکاڵ و تەندروستی و پەروەردە و وزە.
لە زنجیرە پێشبینییەکی نەتەوەیەکگرتوەکاندا، دەرکەوتوە گەشەی ساڵانەی ئێستای سوریا لەسەدا ١.٣ یە و قورسیشە بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش جەنگ.
بە گوێرەی پێشبینییەكیش گەڕانەوەی سوریا بۆ ئابوری ساڵی ٢٠١٠، ئەوا پێویستی بە گەشەی ساڵانەی لە ٧.٦% هەیە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ کە ئەوەش شەش هێندەی ڕێژەی ئێستایە، هەربۆیە ئەگەر ڕێژەی گەشەی ساڵانەی سوریا وەك ئێستا بەردەوام بێت، ئەوا لانیکەم سوریا پێویستی بە ٥٥ ساڵە بۆ گەڕانەوەی ئابورییەکەی بۆ سەردەمی پێش جەنگ.