کەشناسی هەرێم رایگەیاند"ئەمڕۆ بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، بۆ سبەینێش بارانی پچڕ پچڕ دەبارێت و پلەکانی گەرما نزمتر دەبنەوە".
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان هەوردەبێت، نمەبارانی پچڕپچڕ لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوام دەبێت، هەروەها لە ناوچەکانی سلێمانی، هەڵەبجە، ئیدارەکانی سۆران و راپەڕین رێژەی دابارین زیاتر دەبێت و بارانی مامناوەند دەبارێت، هاوکات لە ناوچە شاخاویی و سنورییەکان بەفردەبارێت.
کەشناسی هەرێم پێشبینیش دەکات، لەکاتەکانی شەودا لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری و سەنتەری قەزای سۆران بەفر ببارێت، پلەکانی گەرماش بە نزیکەی دوو تــــا چوا پلە نزم دەبنەوە.
سەبارەت بە کەشی سبەینێ شەممە رایگەیاندوە، ئاسمان بەگشتی هەوردەبێت و لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی هەرێم نمەباران و بارانی مامناوەند بەپچڕی دەبارێت، هەروەها لە ناوچە سنورییەکان بەفردەبارێت، هەروەها پلەکانی گەرما یەک تا دوو پلە نزمتر دەبنەوە بەراورد بە ئەمڕۆ.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: ٨ پلەی سیلیزی
سلێمانی:٦ پلەی سیلیزی
دهۆک: ٧ پلەی سیلیزی
کەرکوک: ١٠ پلەی سیلیزی
زاخۆ: ٧ پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: ٦ پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: ٤ - پلەی سیلیزی
سۆران: ٢ پلەی سیلیزی
گەرمیان: ١٢ پلەی سیلیزی