سەرۆكی شاندی دانووستانكاری پارتی بۆ پێکهێنانی حکومەت رایگەیاند" دەتوانم بڵێم ٩٠%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەم تەواوبووە."
هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و هاوکات سەرۆکی دەستەی دانوستانکاری ئەو حزبە بۆ پێکهێنانی حکومەت لە دیمانەیەک لەگەڵ میدیای حزبەکەی رایگەیاند"پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان نزیكە و پارتی و یەکێتی وەک براوەی یەکەم و دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە هەوڵەکانیان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن، بۆ ئەم مەبەستەش دووجار لە ئاستی باڵا بە دووقۆڵی كۆبوونەتەوە و شاندی تەكنیكی هەردوو حیزبیش چەندین جار كۆبوونەتەوە، جگە لە ئەنجامدانی ژمارەیەك كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە براوەكانی دیكەی هەڵبژاردن".
هۆشیار زێباری دەشڵێت" بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژمارەی كورسی لایەنە براوەكان بكات، بەڵام زۆرترین كۆبوونەوە و نزیكبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستانە".
ئەو بەرپرسەی پارتی لەبارەی ئاستی بەرەو پێشچوونی دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەشڵێت"دەتوانم بڵێم ٩٠%ـی كارەكانی پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتمان تێپەڕاندووە و لەسەر نۆ تەوەر ڕێككەوتووین."
هۆشیار زیباری دەشڵێت" تاوەکو ئێستا دەرگای گفتوگۆمان بەڕووی هیچ لایەنێك دانەخستووە كە نیازی بەشداریكردن لە حكومەتیان هەبێت، بەڵام بەپێی ئەزموونی ڕابردوومان نزیكبوونەوە و هاوڕاییمان لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان زیاترە".