تورکیا کوژرانی ئەفسەرێکى پلەداری وڵاتەکەی لە هەرێم ڕاگەیاند

ئەمڕۆ هەینی وەزارەتى بەرگرى تورکیا هەواڵی کوژرانی ئەفسەرێکی پلەداری وڵاتەکەی خۆی لە ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیاند.

وەزارەتی بەرگری تورکیا، ئەمڕۆ ٢١ی شوباتی ٢٠٢٥ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" مستەفا ئوسڵۆ ئەفسەری پلەداری سوپاکەمان دوێنێ پێنج شەممە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی (چنگ - قفڵ) لە هەرێمی کوردستان کوژراوە". 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەو ئەفسەرەی سوپای تورکیا لە چیای کۆڕەژار لە ناحیەی شیلادزێ سەر بە قەزای ئامێدی کوژراوە. 

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئێوارەی دوێنێ گەریلاکانی پەکەکە هێرشیانکردووەتە سەر خاڵێکی سەربازی سوپای تورکیا لە چیای کۆڕەژار. 

بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، ژمارەی قوربانیانی هێرشەکە زیاترە، بەڵام سوپای تورکیا تەنیا ئاماژەی بە کوژرانی یەک سەربازی وڵاتەکەی داوە. 

هاوکات دوای شەڕەکە لە کەشوهەوایەکی بەفراویدا فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا زۆر بەسەختی بۆردومانی بناری چیای کۆڕەژاری کردووە کە زیانی ماددی بەر هاوڵاتییانی شیلادزێ-ش کەوتووە. 

هەروەها تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری قەزای ئامێدی لە زۆربەی خاڵە سنورییەکانی تورکیا دەنگی تەقە و تۆپباران بیستراون. 

دەوڵەتی تورکیا لە ڕۆژی ١٨ی نیسانی ساڵی ٢٠٢٢ەوە ئۆپەراسیۆنێکی بە ناوی (کلیل – چنگ) لە ناوچەکانی ئاڤاشین، زاپ و مەتینا لە هەرێمی کوردستان بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە لە ناوچەکە دەستپێکردووە.



PM:03:02:21/02/2025