بڕیارە سبەی شەممە لە شاری سلێمانی جارێکی تر وەفدی باڵای دانوستانکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوەو لەسەر پرۆژەیەکی ٥٨ خاڵی کە خۆیان ناویان ناوە " ستراتیجیەتی بەڕێوەبردن " گفتوگۆ دەکەن کە چەند خاڵێکی کەمی ماوە هەردوولا لەسەری رێکبکەون.
سبەی شەممە هەردوو شاندی باڵای دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە، لەکۆبوونەوەکەدا بڕیار لەبارەی ئەو یاداشتە دەدرێت کە لەژێر ناوی ستراتیجیەتی بەڕێوەبردن لەلایەن لیژنەی هاوبەشی هەردوولا ئامادە کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە ئەو پرۆژەیەی ئامادە کراوە لە ژێر ناوی " ستراتیجیەتی بەڕێوەبردن " ٥٨ خاڵەو وەفدی دانوستانکاری هەردوولا لەسەر ٥٢ خاڵی رێککەوتن.
دەربارەی ئەو خاڵانەی تا ئێستا ناکۆکیان لەسەرە گرنگترینیان کۆتایی هێنانە بە حکومەتی " سێبەر " لەلایەن پارتیەوەو دەسەڵات شۆڕکردنەوەیە بۆ وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.
خاڵێکی تریش پرسی " سوێندخواردنی " سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی بە یەکەوە کە یەکێتی جەختی لەسەر دەکاتەوەو، پارتی رەتیدەکاتەوە، لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا گەر پێکەوە سوێندبخۆن جێگری سەرۆکی حکومەتیش هەمان دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتی دەبێت.
هەرچی پارتیییە جەخت لەسەر یەک حکومەت و یەک پێشمەرگە و یەک هێزی ئەمنی دەکاتەوە.
هەروەها پارتی داوای یەک هەڵوێستی دەکات بەرامبەر بەغداو لایەن هەرێمایەتییەکان.
ئەمانە گرنگترین ئەو خاڵانەن کە تا ئێستا لە نێوان یەکێتی و پارتیدا کێشەیان لەسەرە.
گەر سبەی ٢٢ ی شوبات لیژنەی باڵای دانوستانی هەردوولا بگەنە رێککەوتن، بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆکی هەردوو حزب و مەکتەب سیاسیەکانیان.