مامۆستایانی ناڕازی بۆ رێگرتنی لە " بازرگانیکردنی هەردوو بنەماڵە" لە عەربەت خۆپیشاندان دەکەن



مامۆستایانی ناڕازی بۆ رێگرتن لە " بازرگانیکردنی هەردوو بنەماڵە" رۆژی یەک شەمممە لە عەربەت لە رۆژهەڵاتی سلێمانی خۆپیشاندان دەکەن و رێگا لە تەنکەرە نەوتەکان دەگرن بۆ ئێران.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی شەوی ٢١ ی شوبات لە راگەیاندنێکدا داوا لە مامۆستایان، فەرمانبەران، مووچەخۆران کەسایەتییەکان، چین و توێژە جیاوازەکان هێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات دەکەن رۆژی یەک شەممە کاتژمێر ١٠ لە عەربەت ئامادەبن بۆ خۆپیشاندان.

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " گەر دەتانەوێت خەباتی مەدەنیی؛ ببرێتە قۆناغێکی نوێ و کاریگەرەوە؟ دەتانەوێت بە کرداریی و هەڵوێستی ڕاستەقینەوە؛ دژ بە تاڵانکاریی و برسیکردن و شکۆشکاندن بووەستینەوە؟ دەتانەوێت لە گۆڕەپانەوە ئەجێندا و پیلانەکانی دەسەڵات شکست پێبێنین؛ ئەو کاتانەی دەیانەوێت ملکەچ و سەرکوتمان بکەن؛ ئێمە خۆڕاگرانەتر و پێداگیرانەتر لە بەرامبەریان بووەستینەوە؟ کەواتە بەشداربە لە خۆپیشاندانە بێوێنە و جەماوەرییەکەی ڕۆژی یەکشەممە ٢٣/ ٢/ ٢٠٢٥." 

لە راگەیاندنەکەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیدا ئاماژە بە شوێنی خۆپیشاندانەکە کراوە کە عەربەتە ـ بەرامبەر چێشتخانەی کۆڵوانەو خاڵی بەیەکگەیشتنی داهاتە بەتاڵانبراوەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان؛ لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە.  کاتەکەشی کاتژمێر (١٠)ی سەرلەبەیانییە.

مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەنامەی فەرمیی؛ UN و دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی ناوخۆی عێراقیان؛ لەم خۆپیشاندانە "مەزنە" ئاگادارکردۆتەوەو، پاراستنی گیان و شکۆی خۆپیشاندەران، خستۆتە  ئەستۆی دەسەڵاتدارانی زۆنی سلێمانی. 




PM:10:48:21/02/2025