سەرۆكی شارەوانی سلێمانی رایگەیاند" زیاتر لە ٥٠ هەزار فەرمانبەر ناوی بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، بەڵام بۆ ئەو ژمارە زۆرەی فەرمانبەران زەویمان نییە".
لەیلا عومەر، لە لێدوانێكدا رۆژنامەوانیدا رایگەیاند " ئێمە هەمو ئامادەسازییەكمان كردوە بۆ ئەوەی پڕۆسەی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا خێراتر بێت، بەڵام ئەم كارە پێویستی بە ستاف و پێویستی بە بودجە هەیە بۆ تەواوكردنی ئیفرازی زەوییەكان و هەروەها پێویستی بە هاوكاری فەرمانگە پەیوەندیدارەكان هەیە".
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی دەڵێت" بۆیە بەڕاستی حكومەت هەر ئەوە نییە كە بڕیارەكە دەربكات و بڵێت زەوی ئەدەم بە فەرمانبەران، پێویستە راستەوخۆ لەگەڵ دەركردنی بڕیارەكەدا پێداویستییەكانیش دابین بكات، بۆئەوەی كە بڕیارەكە هاتە خوارەوە زۆر بە ئاسانی جێبەجێ بكرێت".
ئەوەش دەخاتەڕوو کە شوێنی زەوییەكان تەنیا پێویستی بە بودجەو ستاف نییە بۆ ئیفرازكردن بەڵكو خزمەتگوزاریشی دەوێت، داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەكەین، ئەو زەوییانەی كە ئیفرازدەكرێن بەدەر لەوەی كە ستاف و بودجەی پێویستی دەوێت، لەگەڵ ئەوەش حكومەت دەبێت بیر لەوە بكاتەوە كە بودجەی پێویست بۆ خزمەتگوزارییەكانی وەكو ئاو و ئاوەڕۆ و قیرو كۆنكرێتی كۆڵانەكان دابین بكات.