ئەمڕۆ یەکێتی و پارتی بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کۆدەبنەوە

ئەمڕۆ شەممە، شاندی یەکێتیی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن گفتوگۆكدرن لەسەر ئەو وەرقە ئامادەكراوەی كە تیمی تەكنیكی یەكێتی و پارتی ئامادەی كردووە.

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە" ئەمڕۆ هەردوو وەفدی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆدەبنەوە بۆ گفتووگۆ لەسەر دواین پەرەسەندنەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی".

ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمی تەکنیکی یەکێتی و پارتی لە ماوەی رابردوودا رەشنوسێکیان وەک ستراتیژی بەڕێوەبردنی حکومەتی داهاتوو ئامادەکردووە و وابڕیارە ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەکەدا گفتووگۆ لەسەر ئەو ستراتیژە بکەن کە دەبێتە بناغەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست " سپی " کەوتووە ئەو  پرۆژەیەی ئامادە کراوە لە ژێر ناوی " ستراتیجیەتی بەڕێوەبردن " ٥٨ خاڵەو وەفدی دانوستانکاری هەردوولا لەسەر ٥٢ خاڵی رێککەوتن.

دەربارەی ئەو خاڵانەی تا ئێستا ناکۆکیان لەسەرە گرنگترینیان کۆتایی هێنانە بە حکومەتی " سێبەر " لەلایەن پارتیەوەو دەسەڵات شۆڕکردنەوەیە بۆ وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

خاڵێکی تریش پرسی " سوێندخواردنی " سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی بە یەکەوە کە یەکێتی جەختی لەسەر دەکاتەوەو، پارتی رەتیدەکاتەوە، لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا گەر پێکەوە سوێندبخۆن جێگری سەرۆکی حکومەتیش هەمان دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتی دەبێت.
هەرچی پارتیییە جەخت لەسەر یەک حکومەت و یەک پێشمەرگە و یەک هێزی ئەمنی دەکاتەوە.

هەروەها پارتی داوای یەک هەڵوێستی دەکات بەرامبەر بە‌غداو لایەن هەرێمایەتییەکان.

ئەمانە گرنگترین ئەو خاڵانەن کە تا ئێستا لە نێوان یەکێتی و پارتیدا کێشەیان لەسەرە.

گەر ئەمڕۆ ٢٢ ی شوبات لیژنەی باڵای دانوستانی هەردوولا بگەنە رێککەوتن، بەرزدەکرێتەوە بۆ سەرۆکی هەردوو حزب و مەکتەب سیاسیەکانیان.






AM:09:05:22/02/2025