پارتی و یەکێتی دوای کۆبوونەوەکەیان ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە

پارتی و یەکێتی ڕایانگەیاند" کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامداوە"، دەشڵین" هەردوو وەفدی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن".

ئەمڕۆ شەممە،٢٢ی شوبات هەردوو شاندی دانوستانکاری، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کۆردستان لە سلێمانی کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامدا.

بەپێی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە، هەردوولا کۆبوونەوەیەکی ئەرێنییان ئەنجامداوە، دەشڵێن" کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنـی راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتی بوو لە تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرنج و تێبینی وەفدی دانوستاندکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا .

هەر بۆ ئەو مەبەستەش هەر دوو وەفدی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم.




PM:06:54:22/02/2025