ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە لە ڕاگەیەوندراوێکدا وردەکاری هێرشەکەی دوێنێی سنوری قەزای ئامێدی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە مەودوا ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە دێرەلووک – ئامێدیەدا تێدەپەڕن ئاڵای کوردستانیان پێوە نەبێت دەکرێنە ئامانج".
ناوەندی چاپەمەنی و ڕاگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە) كە سەر بە باڵی سەربازی پەكەكەیە، ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند" دوێنی ژمارەیەک لە هێزەكانمان بە تەنیشت گوندی گوهەرزەێی سەر بە ئامێدیدا تێدەپەڕین، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لە بەردەمیاندا دەوەستێت و هێرشیاندەکاتە سەر، لە ئەنجامدا سێ هەڤاڵمان شەهید بوون".
هەپەگە ڕاشیگەیاندووە" ناسنامەی ئەو کەسانەی کە بە خیانەتکارانە و ترسنۆکانە لە پشتی ماڵە مەدەنییەکانە و تەقەیان لە هەڤاڵانمان کردوە، تا ئێستا بە تەواوی لەلایەن ئێمەوە ڕوون نەبوەتەوە، لە وێنە بڵاوکراوەکاندا ڕوونە کە ئۆتۆمبێل و جلوبەرگەکان مەدەنی بوەن، بەڵام هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە کە سەر بە کام هێزن، بەڵام تۆڵەی ئەم بۆسە خیانەتکارانەیە دەکەینەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" لەمەودوا هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە لە نێوان دیرەلوک و ئامێدیەدا هاتووچۆ دەکەن، ئاڵای باشوری کوردستانیان پێوە نەبێت، لەلایەن ئێمەوە بە دوژمن هەژمار دەکرێن و دەکرێنە ئامانجی هێزەکانمان".
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیەیە:
یەکینەکانی شەهید ئاخین موش
ڕۆژی ١٩ـی شوبات کاتژمێر ٠٨:٥٥ هێرشێکی ئاسمانیان کردە سەر داگیرکەران لە ناوچەی بەرخۆدانی گردی بەهار،لە ئەنجامی ئەو چالاکییەدا سەنگەریک لەناو برا.
هەروەها لە ٢٠ـی شوبات، لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی کوڕە ژارۆ ئۆپەراسیۆنێک لە دژی سەربازانی داگیرکەری تورک لە سێ لاوە ئەنجامدرا، گەریلا سەرکەوتووانە گەیشتنە سەنگەری داگیرکەران، بەشێک لە داگیرکەران سەنگەرەکەیان جێهێشت و هەڵهاتن، ئەو داگیرکەرانەی وەڵامیان دایەوە لێیان دەدرا و سزا دەدرا و لە ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەکدا گەریلا تەواوی ئەو گردەی کۆنترۆڵکرد، هەموو سەنگەر و چادرەکانی سەر گردەکە لە دووریەکی کەمەوە بە نارنجۆک و چەکی تاکەکەسی و نیمچە ئۆتۆماتیکی لەناوبران.
هەروەها کۆگای کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی سەر گردەکە، کامێرایەکی چاودێری، سیستەمی تەلەفریک لەناوبران، هەروەها پێنج خێمە سووتێنران، هەروەها دەست بەسەر چەندین چەک و کەرەستەی سەربازیدا گیرا، وە گەریلا چوونە سەر تەرمی ١٠ داگیرکەر، بەڵام سوپای داگیرکەری تورک بۆ شاردنەوەی ئەم شکستە، تەنیا ناوی مستەفا ئوسلوی هێناوە کە لەلایەن گەریلاکانەوە سزا درا، بەڵام لەم ئۆپراسیۆنە شۆڕشگێڕانە و سەرکەوتووەدا، فەرماندە باڵای ئەو داگیرکەرانەش سزادراوە، ناوی سیان لەو کەسانەش کە سزا دراون بریتین لە ئلهان کۆکسۆی، حوسێن ئۆزدال و ئەیوپ ئۆکسوز.
ئەو داگیرکەرانەی کە کوژراون و ئەوانەشی کە هەڵاتن، چەکی بیکەیسی، چوارچەکەی MPT-55، چەکێکی بۆمبهاوێژ، تفەنگێک، دووربینێکی ڕۆژ، دوو دووربینی شەو، دووربینێکی چەک، کامێرایەکی تەرماڵ، دەربینیکی چەکی MPT-55، بێتەلێک، سەرچاوەیەکی وزە، سێ بەرگوێ، ناسنامە، کارت و نەدێک پارەی تورکییان لە دوای خۆیان بەجێهێشتووە و گەریلا دەستی بەسەردا گرتووە.
هەروەها کامێرای چاودێری، چەکی قورسی A4 و شوێنەکەی، چەکێکی نیمچە ئۆتۆماتیکی BKC، چەکێکی بۆمب هاوێژ، سەنسۆرێک، و چادرێکی جەنگ، کامەلیایەک، تەلەفزیۆنێک، دوو تەلەفۆن، پێنج کۆمپیوتەر و چوار تەلەسکۆبی داگیرکەرانیش لەناوبران.
هەروەها لە ٢١ـی شوباتدا کاتێک کۆمەڵێک لە هەڤاڵانمان بە تەنیشت گوندی گوهەرزەێی سەر بە ئامێدیدا تێدەپەڕین، ئۆتۆمبێلێکی مەدەنی لەبەردەمیاندا دەوەستێت و خیانەتکارانە هێرشیان دەکاتە سەر، لە ئەنجامدا سێ هەڤاڵمان شەهید بوون، تا ئێستا ناسنامەی ئە شەهیدە قارەمانانە بە تەواوی لەلایەن ئێمەوە دەستنیشان نەکراوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکانەوە دەردەکەوێت کە هێرشکاران جلوبەرگی مەدەنییان لەبەردا بووە و لە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیدا بوون، بەڵام هێشتا دیار نییە سەر بە کام هێزن، دەبێت باجی ئەو خیانەتەیان بدەن.
لەمەودوا هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە دێرەلووک – ئامێدیەدا تێدەپەڕن، بەڵام بەبێ ئاڵای باشووری کوردستان، وەک دوژمن هەژمار دەکرێن و دەبنە ئامانجمان.
هەروەها لە ڕۆژانی ١،٢ و ٣ـی شوباتدا، کامێراکانی چاودێری کە لەلایەن دوژمنەوە لە گۆڕەپانی بەرۆخدانی گردی بەهار دانرابوون، بە تاکتیکی نیشانە شکێنی کرانە ئامانج، لە ئەنجامی ئەم چالاکییەدا سێ کامێرای چاودێری لەناوبران.
لە ٦ـی شوباتدا، داگیرکەرێک کە دەیویست کامێرای چاودێری لەناوچوو لە گۆڕەپانی بەرۆخدانی گردی بەهار بگۆڕێت، بە تاکتیکی نیشانە شکێنی سزا درا.
لە ٢٠ـی شوبات و دووجار داگیرکەران بە چەکی قورس لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی ئامێدی کرانە ئامانج، لە ئەنجامی ئەو چالاکییانەدا دوو سەنگەر زیانیان بەرکەوتووە.
هێرشەکانی سوپای داگیرکەری تورک بە تەقەمەنی قەدەغەکراو؛
ڕۆژی ١٨ـی شوبات لە هەرێمی شەهید دەلیل لە ڕۆژئاوای زاپ، تونێلەکانی گەریلا لە گۆڕەپانی بەرۆخدانی گردی جودی بە تەقەمەنی قەدەغەکراو بۆردوومان کراون.
لە نێوان ١٦ بۆ ٢٢ـی شوباتدا لە ناوچەی خاکورک، گۆڕەپانی بەرخۆدانی لۆلان، کەندەکۆلا، بەرێ زینێ و گۆشین، گۆڕەپانی ئێندزێ لە قەندیل، لە هەێمی گارە لە گۆڕەپانی یەکەماڵ، گرێ، دێرەش، مام نێچیر، گرێ زەنگل، گرێ کون، زێڤکێ، هەفتەباخ، لە هەرێمی مێتینا لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی بێشیر، سەری مەتینا، شیلادزێ، لە هەرێمی شەهید دەلیلی ڕۆژئاوای زاپ لە گۆڕەپانی بەرخۆدانی گردی بەهار، بە گشتی ئەو ناوچانە ٣٢ جار بە فڕۆکەی شەڕکەر بۆردوومان کاروا.