لە هەولێر دەستدەگیرێت بەسەر ٢٥ ملیۆن دیناری ساختەدا

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای هەولێر دەستبەسەرداگرتنی بڕی ٢٥ ملیۆن دینار دراوی ساختەی عێراقی رایگەیاند.

ئەمڕۆ شەممە ٢٢ی شوباتی ٢٠٢٥، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر ئاماژەی بەوەکرد، لەلایەن تیمەكانیانەوە و بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتبار (م،ك،م) گیراوە كە بڕی ٢٥ ملیۆن دینار دراوی ساختەی عێراقی لا بووە، لە جۆری ٢٥ هەزار دینارى.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم دراوە ساختەی لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانەوە هێناوە، بەنیاز بووە لە بازاڕی شارەكانی هەرێمی كوردستان ساغی بكاتەوە.

ئاسایشی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، چەند جارێكی تر بەهەمانشێوە دراوی ساختەی لا بووە و لە شارەكانی خوارووی عێراق ئەم دراوە ساختانەی ساغ كردووەتەوە.



PM:08:57:22/02/2025