ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی دووبارە هێرشکردنەوە سەر حزبە کوردیەکانی کردووە".
ئەمجەد حسێن پەناهی ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، ئەمشەو شەممە بە میدیایی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە" لە ڕێگەی میدیاکانی ئێرانەوە بیستوومانە کە ئێران هەڕەشە دەکات، وە لە ڕێگەی بەغدادەوە پەیامی ناردووە بۆ هەرێم و هەڕەشە لە حزبە کوردییەکان دەکات کە گوایە هێرشدەکاتە سەرمان".
وتیشی" لە ڕاستیدا ئێمە هیچ شتێک لە خۆماندا شک نابەین کە لەو چوارچێوەی ئەمنی لامان دابێت ئەوەی بۆمان ڕوون و ئاشکرایە بۆ هەرێمیش ئاشکرایە زیاتر بیانووگرتنی ئێرانە ئێمە پێشتریش بە دەیان جار دووبارەمان کردۆتەوە ئێران بە شوێن بیانوەوەیە، ئێران هەر جارە شتێک دەدۆزێتەوە کە بیانوو بە هەرێم بگرێت، ئەگەر ئێمەش لە هەرێم نەمێنین ئەوا بیانوویەکی تر دەدۆزێتەوە کە شەر بە هەرێم بفرۆشرێت و نیەتی شوومی خۆی لە ناوچەکە جێبەجێبکات".
ئەو بەرپرسەی كۆمەڵە دەشڵێت" دوای تێکشکانی بەرەی مقاوەمە و هێزە میلیشیاکانی نزیک ئێران، ئێران دەیەوێت بە هەڕەشەکردن بەرپەرچی ئەوە بداتەوە، هەمیشە ئێمە دەکەنە بیانوو بۆ دروستکردنی فشار لەسەر عێراق ئێمە لە ڕێککەوتنەکەوە بە شایەدی هەموو لایەک چالاکی سەربازیمان نەبووە".
ئەمجەد حسێن پەناهی ڕاشیگەیاند" لە ڕابردوودا ئێران زۆر هەوڵیدا لە هەیمەنە و ئیعتیباری مەعنەوی ئێمە بدات و بیشکێنێت، بەڵام دەرکەوت ئیعتباری ئێمە بە چۆڵکردنی بارەگایەک ناشکێت، لە مانگرتنی سەرانسەری ئەم کۆتایانەی ئێراندا لەسەر داوای ئەحزابە کوردیەکان لەسەر نارەزایی بەرامبەر حوکمی ئیعدام بۆ چالاکانی سیاسی بۆی دەرکەوت، ئەم حزبانە خاوەن ڕیشەن، وە ڕیشەکەیان لە ناو خەڵکی ڕۆژهەكاتی کوردستانە، بارەگامان لەم شار بێت یان ئەو شار ئەو دۆڵ یان ئەو دۆڵ لە ئیعتیباری ئێمە کەم ناکاتەوە".