مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ناڕەزایەتییەکان دەبەنە رێگای عەربەت

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی، ناڕەزایەتیییەکان ببەنە عەربەت و لە ڕێی ڕێگرتن لە تانکەرەکانی نەوتەوە داواکارییەکانیان بگەیەنێن.

بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە،٢٣ی شوباتی ٢٠٢٥ مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە شارۆچکەی عەربەت گردبنەوە و تێیدا جەخت لە تەوتین و خەرجکردنی مووچەی مانگی ١٢ی ساڵی رابردوو بکەنەوە.

بە گوێرەی راگەیەنراوێکی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئامانجی گواستنەوەی چالاکییەکە ڕێگرتنە لەو تانکەرە نەوتانەی کە لە نێوان سلێمانی و ئێراندا هاتووچۆ دەکەن و دەیانەوێت بە ڕێگرتن لە هاتووچۆی تانکەرەکان "لە گۆڕەپانەوە ئەجێندا و پیلانەکانی دەسەڵات شکست پێبێنین ئەو کاتانەی دەیانەوێت ملکەچ و سەرکوتمان بکەن؛ ئێمە خۆڕاگرانەتر و پێداگیرانەتر لە بەرامبەریان بووەستینەوە".

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە " بەنامەی فەرمیی؛ UN و دادگای باڵای فیدراڵی و ئەنجومەنی نوێنەران و وەزارەتی ناوخۆی عێراق لەم خۆپیشاندانە مەزنە ئاگادارکراونەتەوە. پاراستنی گیان و شکۆی خۆپیشاندەران، خراوەتە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی ئەم زۆنە".




AM:09:37:23/02/2025