بافل تاڵەبانی: ئەم جارە درۆن بنێرن وەڵاممان دەبێت و قبوڵی ناکەین

سەرۆکی یەکێتی رایدەگەیەنێت" گەشبینین بەوەی کە حکومەتێک پێکبهێنین لەسەر بنەما سەرەکییەکانی باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان"، دەشڵێت"ئەم جارە درۆن بنێرن وەڵاممان دەبێت و قبوڵی ناکەین".

 ئەمڕۆ یەکشەممە، ٢٣ی شوبات، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە کۆنگرەی دیالۆگی نێودەوڵەتی عێراق بەشداریکرد و قسەی لەسەر چەند بابەتێکرد و ڕایگەیاند "گەشبینین بەوەی کە حکومەتێک پێکبهێنین لەسەر بنەما سەرەکییەکانی باشترکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان و وابکەین هەرێمی کوردستان بەهێزتر و ئاسایشتر بێت".

لەبارەی خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازییەوە بافڵ تاڵەبانی وتی "ئێمە لە سلێمانی دیدگامان جیاوازترە لە بۆ خۆپیشاندان و زۆربەی کات خۆپیشاندان لە سلێمانییە، چونکە ئێمە باوەڕمان بە مافی هاوڵاتییانە، پێم وایە نابەرهەمدار دەبێت ئەگەر مافی خەڵک زەوت بکەیت، من سەردانی مانگرتووانم کرد و خەڵک لەلێواری برسێتیدان".

بافل تاڵەبانی باسی لەوەشکرد "لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم گفتوگۆمان لەسەر هەژماری من و تەوتین کردووە، ئەگەر ئێمە بتوانین ئەم بەربەستە تێپەڕینین بابەتەکانی دیکەی پێکهێنانی حکومەت ئاسانتر دەبن ".

دەشڵێت "نابێت پشت بە نەوت ببەستین و ئیتر چاومان لە کەرتی تایبەت و کارکردنی گەنجەکانمانە"، وتیشی، "ئەم جارە مایکەکان ناشکێنم و قسەی گرنگ دەکەم".

لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقەوە وتی: "هەڵبژاردنی عێراق گرنگە و زۆر گرنگە کورد بەرەیەکی یەکگرتووی هەبێت لە هەڵبژاردنەکانی عێراق".

بافڵ تاڵەبانی دەربارەی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ئەم جارە درۆن بنێرن وەڵاممان دەبێت و قبوڵی ناکەین".

سەبارەت بە دۆخی سوریا سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "زۆرینەی پێکهاتەکانی سوریا متمانەیان بە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا نییە"، ئاماژە بەوەشدەکات، "پێویستە دەرفەت بدەین بە دەسەڵاتدارانی سوریا و دەبێت مافی پێکهاتەکان لە سوریا پارێزراوبێت، هەروەها پێویستە دەستووری نوێی سوریا بە بەشداری کورد و کەمینەکان بنوسرێتەوە".

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا ئاشکرایکرد، "گفتوگۆکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بەباشی بەرەوپێش دەچێت و ئێمە هانی هەموو لایەنەکان دەدەین کە بە ئاشتی کێشەکان چارەسەر بکەین".




PM:04:30:23/02/2025