کەمێک پێش ئێستا پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا لە ناوچەکانی تەوێڵە و بیارە و چواردەوری پشووی خوێندن درێژبکاتەوە و سبەینێش وەک پشووی فەرمی ڕاگەیاند.
پارێزگای هەڵەبجە، ئەمشەو یەکشەممە لە ئاگادارییەکدا بڵاویکردەوە" بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفر و بارانبارینەی رووی لە ناوچەی هەورامان کردووە، بڕیاردرا سبەینێ دووشەممە پشووی فەرمی بێت لە سنووری ناحیەی بیارە و تەوێڵە و گوندەکانی چواردەوری".
ئاماژەی بەوەشكردووە، پشووەکە خوێندکارانی دەرەکی تمهیدی (بەرایی) پۆلی ١٢ی زانستی و وێژەیی و پیشەیی ناگرێتەوە
و لە دەرەوەی ناوچەکانی تەوێڵە و بیارە تاقیکردنەوەکان ئەنجام دەدەن.
هەر ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، بڕیاردرا ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە خوێندنگاکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و ستافی مامۆستایان پشوو فەرمی بێت.
هەروەها قایمقامی قەزای چۆمانیش بڕیاریدا پشووی خوێندن لە سنوورەکە درێژبکاتەوە و سبەینێ لە سەرجەم خوێندنگە و فەرمانگە حکومییەکان پشووی فەرمی بێت.
ماوەی چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەفر و سەرما و بارانبارین ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە ناوچە شاخاوییەکان و سەنتەری پارێزگای سلێمانی بەفر باریوە و پلەکانی گەرما ڕووی لە دابەزین کردووە.