بەهۆی نالەباری ڕەوشی کەشوهەوا لە ژمارەیەک ناوچەی هەرێم دەوام ڕاگیراوە، بەڵام سبەی لە پارێزگای هەولێر دەوام ئاسایی دەبێت و ناکرێتە پشوو.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەمشەو یەکشەممە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ھیچ ھۆکارێکی وانییە تاوەکو بکرێتە پشوو".
پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ لە دام و دەزگاکانی حکومەتی هەرێم و ناوەندەکانی خوێندن دەوام ئاسایی دەبێت و ناکرێتە پشووی فەرمی.
ئەمڕۆ پارێزگای هەڵەبجە بڕیاریدا لە ناوچەکانی تەوێڵە و بیارە و چواردەوری پشووی خوێندن درێژبکاتەوە و سبەینێشی وەک پشووی فەرمی ڕاگەیاند.
هەر ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک، بڕیاردرا ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە خوێندنگاکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی و ستافی مامۆستایان پشوو فەرمی بێت.
هەروەها قایمقامی قەزای چۆمانیش بڕیاریدا پشووی خوێندن لە سنوورەکە درێژبکاتەوە و سبەینێ لە سەرجەم خوێندنگە و فەرمانگە حکومییەکان پشووی فەرمی بێت.