لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت بەغداد چاوەڕێی دڵنیاکردنەوەی ئەنقەرە دەکات

وەزیری نەوتی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە وردەکاری نوێی سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆری جەیهانی تورکیاوە ئاشکراکرد و دەڵێت" چاوەڕێی دڵنیاکردنەوەی ئەنقەرە و ئۆپێک دەکەین". 

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، ئەمڕۆ بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند" عێراق چاوەڕێی ڕەزامەندی تورکیایە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان". 

لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کاریگەری دەبێت لەسەر پابەندبوونی عێراق بە ئۆپێک، وەزیری عێراق وتی" بەغدا پابەندە بە بڕیارەکانی ئۆپێک+ و قەبارەی هەناردەکراویش لە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی نەوتی عێراقدایە".

سەبارەت بەوەی ئایا هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە کێڵگەکانی کەرکوکی عێراق دەگرێتەوە، عەبدولغەنی دووپاتیکردەوە کە" بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی کەرکوک تەنها بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی دەبێت".

وه‌زیری نه‌وتى عێراق، هیواى خوسات هه‌نارده‌ى نه‌وت له‌ ماوه‌ى دوو ڕۆژدا ئاماده‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به‌ پرۆسه‌ى هه‌نارده‌كردنى بكرێته‌وه‌.

دوێنێ یەکشەممە، شاندی دانوستانکاری هەرێم پێکهێنانی تیمێکی تەکنیکی هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ ڕاگەیاند کە ئەرکی پشکنینی ئامادەیی بۆری نەوتی لە ئەستۆدایە بە مەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

هەروەها ڕۆژی شەممەی ڕابردوو وەزارەتی نەوتی عێراق تەواوبوونی ڕێکارەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند، داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم کرد ئەو بڕە بەرهەمەی لە کێڵگە کارپێکراوەکان ڕادەستی کۆمپانیای نیشتمانی بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ) بکەن.

سەرەتایی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر پرۆژەی یاسای هەموارکردنەوەی یەکەم یاسایی بودجەی گشتی فیدراڵی  بۆ ساڵانی دارایی (٢٠٢٣ - ٢٠٢٤ - ٢٠٢٥) ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٣ دا.



PM:02:53:24/02/2025