دوای لە کارکەوتنێکی تەکنیکی دۆخی کارەبا ئاسایی دەبێتەوە

دوای لە کارکەوتنێکی تەکنکی وەزارەتی کارەبا ئاسایبوونەوەی دۆخی کارەبای لە هەرێم ڕاگەیاند و دەڵێت" بەرهەمهێنان گەڕاوەتەوە بۆ ٣ هەزار و ٨٠٠ مێگاوات". 

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی کارەبای هەرێم، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" دوای ئەوەی بەهۆی دابەزینی پلەكانی گەرماوە گرفتێكی تەكنیكی لە كێڵگەی كۆرمۆر دروستبوو كە كاریگەری لەسەر هەناردەكردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا هەبوو بەرهەمهێنانی کارەبا ئەمڕۆ کەمبۆوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گرفتەکە تیمەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا توانییان چارەسەری گرفتەکە بکەن و بارودۆخی کارەبا ئاسایی بکەن و بڕی بەرهەمهێنانی کارەبا گەیشتەوە ٣٨٠٠ مێگاوات.

بەیانی ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبای هەرێم لە بەیاننامەیەکدا کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبای ڕاگەیاند، بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی کێڵگەی غازی کۆرمۆر. 



PM:04:34:24/02/2025