ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا (ئەنەكەسە) رایگەیاند" بەڕێوەچوونی كۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی بەم شێوەیە كە پێكهاتە سیاسییە نەتەوەییەكان فەرامۆش و پەراوێز خراون، پێشێلكردنی بنەماكانی مافی هاوبەشی گەلی كوردە لە پڕۆسەی نوێی سیاسی سووریادا".
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی شوبات ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردی سووریا (ئەنەكەسە) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند:" بە وردی چاودێری كۆنگرەی دیالۆگی سوورییان كردووە، كە ڕۆژانی ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگە بەڕێوە دەچێت و پشتیوانی خۆیان بۆ هەر هەوڵێك دەربڕیوە، كە پڕۆسەی سیاسی لە سووریا بخاتە سەر پێی خۆی و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی گەلی سووریا بهێنێت و دەوڵەتێكی دیموكراسی و لامەركەزی بهێنێتە ئاراوە، كە هەموو پێكهاتە نەتەوەیی، ڕۆشنبیری و ئایینییەكان لە خۆ بگرێت و لە ڕێگەی دەستوورەوە مافی هەمووان لە پێشەوەی هەموویشیان مافی كورد بە گوێرەی یاسا و ڕێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان بپارێزێت".
ئاماژەی بەوە كردووە"بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە بە پەلەپەلی و پەراوێزخستن و فەرامۆشكردنی پێكهاتە سیاسییە نەتەوەییەكان لەناویشیاندا ئەنەكەسە، پێشێلكردنی ئاشكرای بنەما و مافی هاوبەشیی نیشتمانیی گەلی كوردە لە پڕۆسەی سیاسی نوێی سووریادا، كە كار بۆ بەدیهێنانی ئاییندەیەكی باشتری گەلانی سووریا دەكات".
ئەنەكەسه جەختیشی كردۆتەوە" بانگهێشتكردنی میوانان بە شێوەی تاكەكەسی و سەربەخۆ بە دەرە لە پێوەرەكان بۆ نوێنەرایەتیكردنی ڕاستەقینەی هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی سووریا بەتایبەتی نوێنەرانی ڕاستەقینەی كورد، ئەمەش پرسیار لەبارەی كرۆك و ئامانجی كۆنگرەكە دروست دەكات".