باندێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیر کران و لەکاتی دەستگیرکردنیشیاندا رووبەڕووی ئاسایش بوونەتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر رایگەیاند:"دوای ئەنجامدانی بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری لەلایەن هێزەکانمانەوە ،لە دوو ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا و بە هەماهەنگی لەگەڵ (بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی مادەهۆشبەرەکان) و بە فەرمانی دادوەری لیکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتبارمان دەستگیرکرد بەناوەکانی (ف ، ف ،ع) و (ف ، م ، ف) و(ح ، گ ، أ)".
ئاماژە بەوەکراوە، "لەکاتی دەستگیرکردنیان رووبەڕووی هێزەکانمان بوونەوە، یەکێک لە تۆمەتبارەکان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە، لەکاتی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی ناو هاتوو دەستمان گرت بەسەر بڕی (١ کیلۆ و ٨٠٠ گرام) مادەی هۆشبەر لە جۆری ( کریستاڵ ) و ( مەریجوانە) و ( هیرۆین) و (چەند پارچە حەبێکی هۆشبەر) و چەکێکی بێ مۆڵەت لە جۆری (دەمانچە)و هەروەها کەل و پەلی پێوانە و کێشانی مادەی هۆشبەر".