هێزەکانی ئاسایش هێرشیان کردە سەر
خێمەی مامۆستایانی نارازی لە نزیکی عەربەت بەو هۆیەشەوە مامۆستایەک بریندار بوو و
چەند ڕۆژنامەنووسێکیش دەستگیرکران.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٤ی شوبات،
هێزێکی زۆری ئاسایش هێرشی کردە سەر خێمەی مامۆستایانی نارازی، هەر لەوبارەیەوە
چەند مامۆستایەکی نارازی بە ماڵپەری سپی یان
راگەیاند”ئێوارەی ئەمڕۆ ژمارەیەک لە هێزەکانی ئاسایش بە جلی مەدەنییەوە هاتوونەتە
ناو خێمەکەوە و دواتر هێزێکی زۆری ئاسایش گەمارۆی خێمەکەی داوە و پاشان هێرشیان
کردووەتە سەر خێمەی مامۆستایان”.
بە گوێرەی زانیارییەکان دواتر بڵاوە بە
مامۆستایان کراوە و گرژی دروست بووە و لەو
نێوانەشدا مامۆستایەک برینداربووە و چەند رۆژنامەنووسێکیش دەستگیرکراون.
مامۆستایان هێزەکانی ئاسایش تۆمەتبار دەکەن
بەوەی سەرەتا هێزەکانی ئاسایش پەلاماری داون و ئازاری زۆری بە مامۆستایان گەیاندووە،
بە گوێرەی پەیامنێری سپی گرژییەکان تا ئێستاش بەردەوامە..
ئەوەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی یەکشەمەوە
مامۆستایان و فەرمانبەرانی نارازی لە کاردانەوە بە بارودۆخی ژیان و پێنەدانی مووچە
لەسەر ڕیگای هاتووچۆی بارهەڵگرە نەوتییەکان لە نزیک عەربەت خێمەیان هەڵداوە و ڕێگای
هاتوچۆی بارهەڵگرەکانیان گرتووە.