ڕۆژنامەنوسێک ڕەخنەی توند لە بەیاننامەکەی ئاسایشی هەرێم دەگرێت و دەڵێت" بە هیچ شێوەیەک ئاماژەی بە دەستدرێژیکردنە سەر ڕۆژنامەنوسان نەکردووە". دەشڵێت" لە هەموو خۆپیشادانێکدا ڕۆژنامەنووس ئاساییە ڕووبەڕووی دەسترێژی بێتەوە".
شوان محەمەد ڕۆژنامەنووس، کەمێک پێش ئێستا لە هەژماری تایبەت بە خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەسەر ڕوونکردنەوەکەی بەیانی ئەمڕۆی دەزگای ئاسایشی هەرێم، ڕایگەیاندووە"
ڕوونکردنەوەکەی ئاسایشی هەرێم لەسەر سەرکوتکردنی مامۆستایانی ناڕازی بە دوور و نزیک بەلای ئەو هەموو دەستدرێژیانەدا نەچووە کە لە عەربەت ڕۆژنامەنوسان ڕووبەڕووی بوونەوە لە لێدان و گرتن و کەلوپەل لێسەندن".
ئەو ڕۆژنامەنووسە دیارەی کوردستان لە پۆستەکەیدا ڕەخنەی تووند لە دەزگای ئاسایشی هەرێم دەگرێت و دەڵێت" خوا نەکات هیچ پۆزشێکیش بهێنێتەوە".
شوان محەمەد ڕاشیگەیاندووە" لەوە دەچێت دەستدرێژییەکان هێندە زۆربن ئاسایش شەرم بکات باسیان بکات، یان بۆتە ڕۆتین لە هەموو خۆپیشادانیکدا ڕۆژنامەنووس ئاساییە ڕووبەڕووی دەسترێژی بێتەوە".
شوان محەمەد سەرنوسەری ماڵپەڕی (سپی میدیا) و سەرۆکی ڕێکخراوی (جاسەنە)-یە بۆ ئازادی بیروڕا و میدیا، دەیان ساڵە لە بواری ڕۆژنامەنووسیدا لە کوردستاندا کار دەکات.