هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕادەگیرێت

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٥ وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگیراوە". 

کەمێک پێش ئێستا وەزارەتی کارەبای هەرێم ڕایگەیاند" سەرلەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە هەناردەی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگیرا". 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆیەوە (٢٥٠٠) مێگاوات کارەبا کەمبووەتەوە.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا وەزارەتی کارەبای هەرێم جەختدەکاتەوە کە تیمەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی کارەبا سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵی سەر بە پارێزگای سلێمانی-یە، گەورەترین کێڵگەی گازە لە هەرێمی کوردستان کە ٦٧٪ی خواستی هەرێم بۆ کارەبا دابین دەکات. 

کێڵگەکە ڕووبەرەکەی ١٣٥ کیلۆمەتر چوارگۆشەیە و لە ساڵی ٢٠٠٣ ەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها لە ئۆکتۆبەری ٢٠٠٨ ەوە دەستکراوە بە بەرهەمهێنانی گاز تیایدا. 



AM:10:21:25/02/2025