"هیچ رۆژنامەنووس و میدیاکارێک نەھاتووە سکاڵای یاسایی تۆمار بکات"

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەسەر روداوەکانی شەوی رابردووی ناوچەی عەربەت بڵاوکردەوە و دەڵێت" ھیچ رۆژنامەنووسێک و میدیاکارێک سکاڵای یاساییان تۆمارنەکردووە". 

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" پاش ئەو روداوانەی شەوی رابردوو لە ناوچەی عەربەت روویاندا و لە سۆشیاڵ میدیا و میدیاکاندا شیکاری جۆراوجۆریان بۆ کرا". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئەم ساتەوەختە ھیچ رۆژنامەنووسێک و میدیاکارێک نەھاتووە سکاڵای یاسایی تۆمار بکات. 

لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاشیگەیاندووە" داواکارین ھەر میدیاکارێک ئەگەر لێیدراوە یان دەستگیرکراوە یان کەولوپەلی رۆژنامەوانی دەستیبەسەردا گیراوە، با بێت و پێکەوە سکاڵای رەسمی لەسەر لایەنی بەرانبەر تۆمار بکەین و مافی خوراویان بۆ وەربگرینەوە و یاسای کاری رۆژنامەوانی بکەینە سەروەر نەک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان". 

شەوی ڕابردوو هێزەکانی ئاسایش هێرشیانکردە سەر خێمەی مامۆستایانی مانگرتوو لە نزیک عەربەت بەو هۆیەشەوە مامۆستایەک بریندار بوو.



AM:11:31:25/02/2025