ژمارەیەك فەرماندەی هێزی پێشمەرگە دەستگیر دەكرێن
لەسەر بڕیاری مەسعود بارزانی ژمارەیەک فەرماندەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەستگیرکراون و ژمارەیەکیشیان دوای لێکۆڵینەوە ئازادکراون.
لەمبارەیەوە بەھار عەبدولرەحمان بریاردەری لیژنەی کاروباری پێشمەرگە وشەھیدان وقوربانیانی جینۆساید، لەلێدوانێکیدا بە SNNی ڕاگەیاند: لەسەر ھەڵھاتنی ژمارەیەک فەرماندەی پێشمەرگە و بەدەستەوەدانی چەند ناوچەیەک لەکاتی ھێرشەکانی داعش بۆ باشوری کوردستان، بەفەرمانی سەرۆکی ھەرێم لیژنەی تایبەتمەندی باڵا پێکھێنراوە و تەئکیدلەوەکراوەتەوە کە کەمتەرخەمەکان سزا دەدرێن.
لەبارەی بەڕێوەچوونی کارەکانی لیژنەکەی بارزانی، بڕیاردەرەکەی لیژنەی پێشمەرگە، ڕایگەیاند:تائێستا کارەکانیان ڕایدەکەن بۆ گەیشتن بەئەنجام، لەمڕووەشەوە ژمارەیەک فەرماندە دەستگیرکراون و ژمارەیەکیشیان دوای لێکۆڵینەوە ئازادکراون.
ھاوکات ئامادەنەبوو ژمارە و ناوی فەرماندەکان ئاشکرابکات، ئاماژەی بەوەشدا"لەپەردەپۆشکردنی کەیسەکە بێ دەنگ نابین".
بەپێی زانیارییەکان لیژنەکە پێکھاتووە لەنوێنەری وەزارەتەکانی(پێشمەرگە و ناوخۆ) و سەرۆکایەتی ھەرێم و ئەنجومەنی دادوەری، بەھار عەبدولرەحمان ڕاشیگەیاند:نوێنەری لیژنەکەی ئێمە و پەرلەمانی تیادا نییە، بەڵام چاودێریان دەکەین.
PM:10:24:22/11/2014