چوار شەممە لیستی مووچەی مانگی شوبات دەنێردرێت بۆ بەغدا

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری لە ناردنی لیستی مووچەی مانگی ٢ بۆ وەزارەتی دارایی عێراق دا و سیستمی پەیڕۆڵ تەواو كرا.

هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆژیای حکومەتی هەرێم و سەرپەرشتاری ئامادەکردنی لیستی مووچەی بە شێوەی پەیرۆڵ ڕایگەیاند" لە ٢٠ی ئەم مانگەدا بەغدا داواکارییەکی بۆ ناردین و وتی، هەرچی فەرمانبەرێکی دیکە هەیە بۆ خانەنشین بوون جیای بکەنەوە و هاوکات ناوی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیش کرا بە یەک لیست".

ڕاشیگەیاند" بە سیستمی پەیڕۆڵ نزیکەی ٦٨٠هەزار کەس تۆماركراوە، بۆیە لیستی مووچەی مانگی ٢ کەمێک دواکەوت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، وەزیری دارایی عێراق داوای کردوە داتای سەرجەم مووچەخۆران دووبارە بنێرنەوە بۆمان و بیخەنە سیستەمی پەیرۆڵەوە. ئێستا سەرجەم کارەکان تەواو بووە و بە دڵنیاییەوە سبەینێ لیستی مووچەی مانگی ٢ دەنێرین و هیچ کێشەیەک نەماوە لە لیستی مووچە.

ئاشكراشی كرد، لیستی مووچەی مانگی ٢ دەكرێتە بنەمای مووچەی ئەمساڵ و بەهۆی ڕاگرتنی سەرمووچە و پلەبەرزكردنەوە و گواستنەوە لەلایەن بەغداوە، بۆیە بۆ لیستەكانی مانگەكانی دیكە ئاسانتر دەبێت.

جەختیشی كردەوە، ئەو فەرمانبەرانەی كەسوكاری شەهیدان بوون و بە هەڵە خانەنشین كرابوون، بۆ ئەم مانگە خراونەتەوە ناو لیستی مووچەی فەرمانبەرانەوە.



PM:08:34:25/02/2025