سبەی یەکێتی و پارتی بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم کۆدەبنەوە

سبەی چوارشەممە مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم لە هەولێر کۆدەبنەوە.

مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند" سبەی لەسەر ئاستی باڵا، پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆدەبنەوە، لە کۆبوونەوەکانی ڕابردوو نزیکبوونەوەی زۆر دروستبووە لەنێوانمان، لەسەر چەندین پرس و خاڵ ڕێککەوتووین".
هاوکات ئەوەشی خستەڕوو لە کۆبوونەوەی سبەیش ئەو خاڵانەی ماون گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت، ئومێد دەکەین دوای کۆبوونەوەکە زانیاری باش و دڵخۆشکەر بدەین بە خەڵک و بە زووترین کات کابینەی نوێ پێکبهێنرێت.

٢٢ـی ئەم مانگە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە. هەردوولا لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا وتیان، کۆبوونەوەکانیان بەردەوام دەبێت "بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان."

پێشتر ( سپی ) یڵاویکردبووەوە کە ئەو  پرۆژەیەی ئامادە کراوە لە ژێر ناوی " ستراتیجیەتی بەڕێوەبردن " ٥٨ خاڵەو وەفدی دانوستانکاری هەردوولا لەسەر ٥٢ خاڵی رێککەوتن.

دەربارەی ئەو خاڵانەی تا ئێستا ناکۆکیان لەسەرە گرنگترینیان کۆتایی هێنانە بە حکومەتی " سێبەر " لەلایەن پارتیەوەو دەسەڵات شۆڕکردنەوەیە بۆ وەزیر و وەکیل وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان.

خاڵێکی تریش پرسی " سوێندخواردنی " سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەیەتی بە یەکەوە کە یەکێتی جەختی لەسەر دەکاتەوەو، پارتی رەتیدەکاتەوە، لە حاڵەتێکی لەم شێوەیەدا گەر پێکەوە سوێندبخۆن جێگری سەرۆکی حکومەتیش هەمان دەسەڵاتی سەرۆکی حکومەتی دەبێت.
هەرچی پارتیییە جەخت لەسەر یەک حکومەت و یەک پێشمەرگە و یەک هێزی ئەمنی دەکاتەوە.

هەروەها پارتی داوای یەک هەڵوێستی دەکات بەرامبەر بە‌غداو لایەن هەرێمایەتییەکان.

ئەمانە گرنگترین ئەو خاڵانەن کە تا ئێستا لە نێوان یەکێتی و پارتیدا کێشەیان لەسەرە.





AM:12:04:26/02/2025