ئەمریكا باس لە خێراكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم دەکات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ئەمڕۆ چوارشەممە، وردەکاری نوێی سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاگەیاند و دەڵێت" لە پەیوەندییەکەدا باس لە خێراكردنی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم كراوە". 

تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەیانی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە" ڕوبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە کاریگەری ئێران لە ناوچەکە، پێویستی سەربەخۆی وزەی عێراق و وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا". 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر پێویستی سەربەخۆی عێراق لە بواری وزەدا، بۆ دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق - تورکیا بەخێرایی، هەروەها پابەندبوون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیادە.

پێشتر نوسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن مارکۆ ڕوبیو وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، لەو ماوەیەدا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییە گشتییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کردووە.

لە بەیاننامەکەدا کە نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردووەتەوە، باسی ئەو وردەکارییانەی نەکردووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان ڕوبیو و سودانی ئاماژەی پێکردووە. 



AM:09:22:26/02/2025