بارزانی و عامری جەخت لە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان دەکەنەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری لە میانی کۆبوونەوەیەکدا جەختیان لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکی و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغداد "بە ڕۆحی هاوکاری و هاوبەشی نیشتمانی" کردەوە.

بەیانی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی لە هەولێر پێشوازی لە هادی عامری ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی بەدر كرد.

بەپێی بەیاننامەیەکی دەستەی سەرۆکایەتی هەرێم، لە میانی کۆبوونەوەکەدا هەردوولا باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و مەرجە گشتییەکانی وڵات کردووە، جگە لە پرسە هاوبەشەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوانیان، بەشێوەیەک کە لە خزمەت بەرژەوەندی نیشتمانیدا بێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەرزکردنەوەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان و هاوکاری هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری وڵات و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە گیانی هاوکاری و هاوبەشی نیشتمانی کردەوە.

هەروەها هەردوولا باسیان لە دۆخی وڵات و گرنگی پارێزگاریكردن لە یەكڕیزی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچەی و نێودەوڵەتییەكان كرد.

نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا گرنگی هەرێمی کوردستانی دووپاتکردەوە لە بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ سەرجەم هێزە نیشتیمانییەکان لە عێراق، جەختیکردەوە لەسەر پێویستی پاڵپشتیکردنی هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و پتەوکردنی یەکڕیزی نیشتمانی، لە بەرژەوەندی هەموو وڵاتدا.



AM:09:57:26/02/2025