ئەوقافی هەرێم ژمارەیەک ڕێنمایی تایبەت بە مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٦ی شوباتی ٢٠٢٥ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێم ژمارەیەک ڕێنمایی شەرعی و کارگێڕی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە و لە یەکێک لە ڕێنماییەکاندا دەڵێت" تەنها لە ١٠ شەوە كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزان دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن". 

دەقی ڕێنماییە شەرعییەکان بۆ مانگی رەمەزان بەمشێوەیە: 

یەکەم: دیاریكردنی یەكەم ڕۆژو كۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز تەنیا لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بینینی مانگە لە وەزارەتی ئەوقاف دەبێت.

دووەم: پابەندبوونی تەواو بە ئیمساكیە و خشتەكانی كاتی بانگدان لەسەرجەم مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بینراو، بیستراو.

سێیەم: وتارەكانی دوای عەسر بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتی ڕۆژووەوان لە 20 خولەك زیاتر نەبێت، تەنها لەلایەن مامۆستای مزگەوت پێشكەش بكرێت، بەبەكارهێنانی میكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت، وە لەم ووتارانە مامۆستای مزگەوت تیشك دەخاتە سەر بابەتەكانی ئەحكام و عیبادات و معاملات و بابەتی پەروەردەیی هۆشیاری هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، كاریگەری كارەكتەرە عەقلیەكان، پێكەوەژیان.

چوارەم: ماوەی نێوان ئیمساك و بانگدانی بەیانی بەپێی خشتەی ئیمساكیەی پارێزگاكەوە دەبێت بەهیچ شێوەیەك نابێت بەپێچەوانەوە بێت.

پێنجەم: تەنها لە 10 شەوە كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی بەمەرجێك ڕەزامەندی پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوت.

شەشەم: تەنها پێش نوێژو وتارخوێنی فەرمی مزگەوت بۆی هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح بەتایبەتی ئەنجام بدات بەپێچەوانەوە هیچ كەسێك بۆی نیە چالاكی ئەنجام بدات.

حەوتەم: پابەندی تەواو بە فەتوای دیاریكردنی نیسابی زەكات و بڕی سەرفیترە و فیدیە، كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە دیاری دەكرێت..

هەشتەم: پاش بانگدانی شەوان عیشا لەدوای 15بۆ 20 خولەك دواتر نوێژ ئەنجام دەدرێت، لەبەر بارودۆخی ڕۆژووەوان، ڕەچاوی كاتی گونجاو بكرێت لە درێژی و كورتی تەراویح، كە لەسەر بنەمای شەرعی ئەنجام بدرێت. 

نۆیەم: بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەوقاف چاودێری جێ بەجێكردنی ئەم ڕێنماییانە دەكەن.  

دەیەم: پابەندبوون بەبانگی ڕێكخراو لەو شوێنانەی كە پڕۆژەی بانگی تێدا جێ بەجێكراوە.   

هەروەها دەقی ڕێنماییە كارگێڕییەكانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بۆ مانگی ڕەمەزان بەمشێوەیە: 

یەكەم: پێویستە چێشتخانەو كافتریار و دوكان و بازاڕەكان ڕەچاوی حورمەتی ئەم مانگە پیرۆزە بگرن و هەستی ڕەۆژوەوان بپارێزن.
دووەم: لەم مانگە پیرۆزەدا هیچ جۆرە خواردن و خواردنەوەیەك لە دام و دەزگا فەرمیەكان پێشكەش ناكرێت.

سێیەم: پێویستە گشت كەناڵەكانی ڕاگەیاندن تایبەتمەندی و پیرۆزی ئەم مانگە لەبەرچاو بگرن شتێك بڵاو نەكەنەوە، كە لەگەڵ گەورەیی و پیرۆزی ئەم مانگەنە گونجێت.

چوارەم: ڕێنمایی تایبەت بەمزگەوت و  مامۆستایانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی دەرچووە، پێویستە هاوكاری جێ بەجێكردن و پراكتیزەكردنی ناوەڕۆكی بدرێت.

پێنجەم: هەر مەراسیمێكی تایبەت بەم مانگە ئەنجام بدرێت لەسەرجە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و قەزا و ناحیەكان پێویست لەژێر چاودێری وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی/ یان بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەكان/ بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئەوقاف بێت.

شەشەم:داواكارین لایەنەكانی پەیوەندیدار لەپارێزگاو یەكە ئیداریە سەربەخۆكان سەرپەرشتی و بەدواداچوونی جێ بەجێكردنی ئەم ڕێنماییانە بكەن. 

حەوتەم: سەرجەم كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بەرپرسن لە هەر هەواڵێكی نادروست سەبارەت بەڕاگەیاندنی یەكەم ڕۆژو كۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز.

هەشتەم: لەكانی پێشكەشكردنی بابەتی ئایینی دەبێت كەسێكی پسپۆڕ لەبواری ئایینی و مامۆستایانی ئایینی كە بە فەرمی كار دەكەن میوانداری بكرێن.                              



PM:01:14:26/02/2025