وتەبێژی خانەنشینی کوردستان جەختی لەوەکردەوە کە چاوەڕواندەکرێت ئەو کەسانەی تازە خانەنشین کراون لەگەڵ مووچەی مانگی چوار مووچەکانیان وەربگرن و وتی" پێویستە شەش مووچەی خۆیان لە پای كۆبوونەوەی مۆڵەتەكانیان پێ بدرێت".
ئەمڕۆ چوارشەممە، سادق عوسمان، وتەبێژی خانەنشینانی كوردستان ڕاگەیاند" كارەكانی خانەنشینانی نوێ بەردەوامیی هەیە، وەزیری داراییش چەند بڕیارێكی داوە بۆ ئەوەی كارەكان خێراتر بن".
وتیشی" بەپێی ئەو بڕیارانەی وەزیری دارایی داویەتی بۆ شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتەكان، تا ئاستێك خێرایی بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان كراوە".
سادق عوسمان باسی لەوەشکرد ئەو خانەنشینانەی مامەڵەكەیان تەواو بووە، پێویستە شەش مووچەی خۆیان لە پای كۆبوونەوەی مۆڵەتەكانیان پێ بدرێت، هەروەها بۆ مووچەی خانەنشینی ئەوەی لەگەڵ عێراقە، پێویستە مامەڵەكانی تەواو بكرێت.
ئەوەشی خستەڕوو: ئەو خانەنشینانە دەبێت مامەڵەکانیان بڕواتە هەولێر و دۆسییەکانیان بگوازرێتەوە بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی، دواتر پێناسی خانەنشینیان بۆ دەربکرێت و ئەوجا مووچەکانیان دەدرێت.
باسی لەوەشکرد: هەوڵێكی زۆر هەیە مووچەی تەواوی فەرمانبەرانی خانەنشینكراو بۆ مووچەی مانگی سێ ببەسترێت و وەریبگرن، بەڵام رێكارەكانیش زۆرن و ژمارەی خانەنشینانیش كە ئەمساڵ بەیەكەوە خانەنشین بوون 25 هەزار خانەنشینە، بۆیە ئەگەری زۆرە بکەوێتە مانگی چوارەوە.