دەم پارتی: بەکۆمەڵ پێشوازی لە بانگەوازی سەدە دەکەین

لقی دەم پارتی لە وان بانگەوازێک لەژێر ناونیشانی "بەکۆمەڵ پێشوازی لە بانگەوازی سەدە دەکەین” بڵاودەکاتەوە و داوا لە خەڵکی وان دەکات خۆیان بۆ بانگەوازی سەدە ئامادە بکەن

بە گوێرەی میدیاکانی باکوور دەم پارتی لە ئەمڕۆوە دەستی بە ئامادەکاریی بۆ ڕاگەیاندنی بانگەوازەکەی ئۆجالان کردووە کە بە "بانگەوازی سەدە" وسفی کردووە، لە شارەکانی ئامەد و وانی باکووری کوردستانیش شاشەی گەورە لە گۆڕەپانەکاندا دادەنرێن بۆ پەخشکردنەوەی کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەی شاندی ئیمرالی.

لقی دەم پارتی لە وان بانگەوازێکی لەژێر ناونیشانی "بەکۆمەڵ پێشوازی لە بانگەوازی سەدە دەکەین" بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "بانگهێشتی تەواوی خەڵکی وان دەکەین بۆ گۆڕەپانی شارەکە بۆ ئەوەی پێکەوە پێشوازی لەو بانگەوازە شەرەفمەندانە بکەن بۆ ئاشتی کە بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان دەیکات".

لە ئامەدیش شاشەی گەورە لە گۆڕەپانی شێخ سەعیدی پیران دادەنرێت بۆ پەخشکردنی بانگەوازەکەی ئۆجالان کە تایبەتە بە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە تورکیا.

ئەوەش لە کاتیکدایە شاندی دەم پارتی سبەینێ سەردانی ئیمرالی دەکات بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و بڕیارە دوابەدوای دیدارەکەیان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی دیدارەکە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکەن کە دەم پارتی بە "بانگەوازی سەدە” ناوی بردووە.




PM:11:22:26/02/2025