قوباد تاڵەبانی ڕایدەگەیەنێت" یەکێتی باوەڕێکی پتەوی هەیە کە هەموو کێشەکانی هەرێم لە هەولێر چارەسەر ناکرێن". دەشڵێت" سلێمانی دوژمنی تورکیا نییە و نەبوەتە هەڕەشە لەسەر ئەمنی قەومی ئەو وڵاتە".
ئەمڕۆ دووشەممە قوباد تاڵەبانی لە میانی میوانداریکردنیدا لە پەراوێزی دووەم ڕۆژی خولی سێیەمی کۆڕبەندی هەولێر، ڕایگەیاند" بەو قەناعەتە توانیمان مافی کورد و قەوارەی هەرێمی کوردستان لە دەستوور و یاسای عێراقدا جێگیر بکەین و لە سلێمانی و هەولێریش ئەو کارەمان نەکرد، بەڵکو لە بەغداد".
تاڵەبانی جەختیشیکردەوە، گرفتی مووچە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەم دواییانەدا لە بەغدا چارەسەر بوو.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان یەکێتی و ئێران، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پەیوەندییە زۆرجار بە ڕەش و سپی وەسف دەکرێت.
ڕوونیشیکردەوە، حزبەکەی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئێران هەیە و پارتی پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ تورکیا هەیە، کەسانێک هەن دەیانەوێت پەیوەندی نێوان پارتی و ئێران بە خراپی وێنا بکەن، هەروەها یەکێتی پەیوەندییەکی خراپی لەگەڵ تورکیادا هەیە، باوەڕمان وایە ئەمە وەکو ئەوەی وەک ڕەش و سپی وێنا دەکرێت نییە، چونکە لە دیپلۆماسییدا ڕەش و سپی نییە.
قوباد تاڵەبانی سەبارەت بە تورکیا دەڵێت" سلێمانی دوژمنی تورکیا نییە و نەبوەتە هەڕەشە لەسەر ئەمنی قەومی ئەو وڵاتە، نابێت تورکیا سزای سلێمانی بدات وەک چۆن سزای نەیارێکی خۆی دەدات".