بافڵ تاڵەبانی: پێشوازی لە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەین

سەرۆکی یەکێتی رایدەگەیەنێت، پێشوازی لە پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەین، ئاماژە بەوەشدەکات، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم پەیامە بە سەرەتا و قۆناغێکی گرنگ دەزانێت.

بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی رایگەیاند، "پێشوازی لە پەیامەکەی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەین، پێمانوایە پەیامێکی بەرپرسیارانە و پێویستی ئەم قۆناغەیە بۆ یەکخستنی ریزەکانی کوردایەتی و چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەکان لەسەر بنەمای هاوبەشێتی و پێکەوەیی بۆ بنیادنانی داهاتوویەکی پرشنگدار و ئارامتر بۆ گەلەکەمان".

ئاماژەی بەوەشکرد، "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم پەیامە بە سەرەتا و قۆناغێکی گرنگ دەزانێت و وەک ئەرکێکی نەتەوەیی بەرپرسیار پشتیوانی ئەم پەیامە و سەرخستنی هەر هەنگاو و پرۆژەیەکە کە گیانی پێکەوەیی و برایەتی لەنێوان کورد و تورک دەباتە پێشەوە".

بافڵ تاڵەبانی وتی، "هیوادارین هەموولایەکمان بەدەم ئەم پەیامەوە بچین و هەنگاوی کرداریی بنێین بۆ گەیشتن بە ئاشتی سەرتاسەری و ئەم دەرفەتە مێژووییە لەدەستنەدەین کە سەرۆک مام جەلال بەردی بناغەکەی لە ساڵی 1993ـەوە داناوە".

راشیگەیاند، "وەک وتووشمانە ئێمە پشتیوانی خوشک و براکانمانین لە هەر چوار پارچەی کوردستان".




PM:07:23:27/02/2025