قوباد تاڵەبانی: عەبدوڵڵا ئۆجالان جارێکی دیکە دەرگای بەڕووی چارەسەری ئاشتییانە کردەوە

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەبارەی بانگەوازی عەبدوڵا ئۆجالان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" عەبدوڵڵا ئۆجالان جارێکی دیکە دەرگای بەڕووی ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانە کردەوە".

قوباد تالەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند"کورد هەمیشە گەلێکی ئاشتیخواز بووە، و بزووتنەوە کوردییەکان وەک دوا رێگەچارە و بە ناچاری، بۆ پاراستنی مان و داکۆکی لە مافە بنەڕەتییەکان پەنایان بردوەتەبەر بە چەک".

ئاماژەی بەوەشداوە"ئەمڕۆ عەبدوڵڵا ئۆجالان جارێکی دیکە دەرگای بەڕووی ئاشتی و چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراسییەکانی پرسی کورد لە تورکیادا کردەوە و هاوکات دەستپێکی قۆناغێکی نوێی تێکۆشانی سیاسی بۆ کورد لە تورکیا راگەیاند".

قوباد تاڵەبانی جەختیشیکردەوە"هیوادارین و گەشبینین ئەمجارەیان پرۆسەکە بە ئەنجامێکی دڵخواز بۆ هەردوو گەلی کورد و تورک کۆتایی بێت، و پێکەوە بناغەی پێکەوەژیانێکی راستەقینە بونیادبنێن".

هاوکات داوایەکیش لە هەمووان دەکات و دەڵێت"ئەرکی هەموو لایەکمانە پێشوازی لە پەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان بکەین و لە هەر چەشنە هاوکاری و پشتیوانییەک بۆ سەرخستنی پرۆسەکە درێخی نەکەین".



PM:08:48:27/02/2025