ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو پەیامێکی لەبارەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان بڵاوکردەوە و بە "پەیامێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتی و بایەخ و واقعیەت" ناودەبات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٢٧ی شوبات، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەگکرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بارەی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، لە پەیامێکدا دەڵێت: "بەرێزەوە ئەمڕۆ گەلی کوردستان پێشوازی کرد لە پەیامە مێژووییەکەی بەرێز عەبدوڵڵا ئۆجەڵان، پەیامی ئاشتی و هەنگاوی یەکەم بۆ چارەسەری کێشەیەکی زیاتر لە چل ساڵ لە جەنگ و خوێن، پەیامێکی پڕ لە بەرپرسیاریەتی و بایەخ و واقعیەت."
هاوکات، پیرۆزبایی "قۆناخی نوێ" لە هەمووان دەکات و هیواش دەخوازێت، لایەنە پەیوەندیدارەکان "لە ئاستی بەرپرسیاریەتی نەتەوەیی و ئەخلاقی و پەیمانی خۆیاندابن، داواکارم لە خوای دلۆڤان لەم وەرزی هاتنی رەمەزانەدا کۆتایی بەجەنگ و ئاوارەیی و نەفەسی شۆڤێنی لەسەر گەلەکەمان بێت، سەرەتای گەڕانەوەی برایەتی و پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و ماف و داد و سەقامگیری بێت."