وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا پێشوازی لە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەکات و رایدەگەیەنێت" بانگەوازەکەی ئۆجەلان دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی تورکیا و پە-کە-کە".
ئەمرۆ پێنجشەممە ٢٧ی شوبات وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیامێکدا رایگەیاند، "بانگەوازەکە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی چەندین دەیەی نێوان تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان".
ئاماژە بەوەکراوە، "کۆتاییهێنان بە تووندوتیژی هەنگاوێکی سەرەتایی گرنگە، بەڵام پێویست بە هەنگاوی زیاتر دەکات. لە نێویاندا و لە سەرووی هەموویانەوە، رێزگرتن و دەستەبەرکردنی مافە کولتووری و دیموکراسییەکانی کورد لە تورکیا".
لە پەیامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هاتووە، "وەک حکومەتی فیدراڵی، ئامادەین بۆ پشتیوانیکردنی پڕۆسەیەکی لەم شێوەیە، ئەوەی پێمان بکرێت بیکەین".