سەرۆک وەزیران و وەزیری پێشوی ناوخۆی تورکیا پشتیوانیان بەشیوەی ناڕاستەوخۆ بۆ پەیامەکەی ئۆجەلان دەربڕی و ڕایانگەیاند، ئێستا کاتی یەکریزی و ئاشتیە و نابێت لایەنەکان گومان لە یەکتر بکەن، پێویستە حکومەتێکی لامەرکەزی لە تورکیا پیکبهێندرێت.
بیناڵی یڵدرم، سەرۆکوەزیرانی پێشوی تورکیا وتی"هەزار ساڵە لەم خاکەدا کورد و تورک و ئاشوری و چەرکەسو نەتەوەکانی دیکە هەبون، ڕەنگە لە دەستوری نوێدا پێناسەی هاوڵاتیبون پێداچونەوەی بۆ بکرێت، وتیشی، دەتوانرێت نوێکردنەوەیەک بکرێت و هاوڵاتیبون لە پێشینەدا بێت بەبێ گوێدانە ناسنامەی نەتەوەیی".
جەختیشی کردەوە لەوەی"لە دەستوری نوێدا پیویستە دەسەلاتێکی لامەرکەزی دروست بکرێت، حکومەتی خۆجێی پێکبهێنرێت لەبری ئەوەی لە ئەنقەرەوە هەمو شتێک کۆنتڕۆڵ بکرێت".
لای خۆشییەوە سڵێمان سۆیلو، وەزیری پێشوی ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند"کاتی ئەوە نییە کە لایەنەکان گومان لە یەکتر بکەن،کاتی ئەوە هاتوە یەکڕیزی و ئاشتی بۆ نەوەکانی داهاتو و ناوچەکە بەجێبهێڵدرێت، هیواشی خواست تورکیا بە یەکگرتویی تورک و کورد و چەرکەس و بۆسنەیی و عەرەب سەختی و هەورازەکان تێپەڕێنێت."